دوای یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد بۆ جێگیرکردنی یەکسانیی مووچە و دەرماڵەی پێشمەرگە، لەگەڵ سوپای عێراق لە بودجەی ساڵی 2027ـدا.

 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.

 

لە درێژەی بڕیارەکانیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ماوەی سوودمەندبوون لە داشکاندنی قەرزە کۆنەکانی کارەبای بۆ هاووڵاتییان درێژتر کردەوە، هاوکات ڕێکارەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی یاسای کۆمپانیا گشتییەکانیشی پەسەند کرد.

 

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە دەستکەوتێکی مێژوویی و نیشتمانی ناو برد و جەختی لە بە دامەزراوەیی‌کردنی هەموو هێزەکانی کوردستان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە.

 

ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی باڵای دانوستانکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد، کە لە دانوستانەکانی بودجەی ساڵی 2027ـدا بەردەوام بێت لە هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی مووچە، دەرماڵە، شایستە دارایییەکان و پێداویستییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵی عێراق.

 

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی یاسای کۆمپانیا گشتییەکان، بە ژمارە 22ـی ساڵی 1997ـی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان، هاوشانی یاسای کۆمپانیاکان ژمارە 21ـی ساڵی 1997، بە مەبەستی کاراکردنی دامەزراوە گشتییەکان و ڕێکخستنەوەی چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا.