بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە لافاو لە بەشێک لە پارێزگاکانی تورکیا دروست بوو و چەندین ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتن، دەستەی کەشناسیش هۆشداری زیاتر بە 10 پارێزگای وڵاتەکە دەدات.
شەوی ڕابردووە لە ئەنجامی باران بارینی بەخوڕ و هەورە بروسکە لە ئەنقەرە، زەوی لە شەقامێکی شارەکە داڕما و چاڵێکی گەورە دروست بوو، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کەوتنە نێو چاڵەکەوە و تیمەکانیش سەرقاڵی دەرهێنانی ئۆتۆمبێلەکانن.
دەستەی کەشناسی تورکیا و ناوەندی هەماهەنگیی کارەساتەکان ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هۆکاری ئەم دیاردە سروشتییەن، بە جۆرێک لە ماوەیەکی کورتدا بڕێکی زۆر باران باریووە کە بووە هۆی پڕبوونی سیستەمی ئاوەڕۆ و دروستبوونی لافاو.
دەستەکە هۆشداری بە 14 پارێزگای دیکەش دەدات لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و داڕمانی ڕێگاوبانەکان، کە لە نێویاندا ئیستەنبووڵ، دوزجە، بارتن و زۆنگولداغ هەن.
تورکیا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی شەپۆلی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو بووەتەوە کە بەهۆشیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا بوو.