دوای ژەهراویبوونی زیاتر لە 60 کەس بەهۆی خواردنی لەفەوە، تەندروستی هەولێر ڕێکاری یاسایی بەرامبەر شوێنەکە دەگرێتەبەر.

 

ئەمڕۆ لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، بەهۆی خواردنی لەفەی سەر عارەبانەیەک، چەند هاووڵاتییەک تووشی ژەهراویبوون بوون و گەیەنرانە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕزگاری.

 

دوا بە دوای ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بە پایتەخت میدیای راگەیاند، کە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر گەیشتنە شوێنی مەبەست و دوای بەدواداچوونی مەیدانی و پشکنینی دۆخەکە، بڕیار درا ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر خاوەنی کوشکەکە وەربگیرێت.

 

تەندروستی هەولێر باسی لەوە کرد، ئەو هاووڵاتییانەی ژەهراوی بوون، لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕزگاری داخل کران و چارەسەریان وەرگرتووە.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەوە کردەوە، لە ئێستادا باری تەندروستییان جێگیرە و بەشێکی زۆریان دوای باشبوونی دۆخیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، لە کاتێکدا بەشێکی تریان لە ژێر چاودێریی پزیشکیدا ماونەتەوە.

 

لە کۆتاییدا تەندروستی هەولێر دووپاتی کردەوە، بەدواداچوونی مەیدانی بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی هاووڵاتییان و دیاریکردنی ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێکی تری ژەهراویبوون بەردەوامە.