یەکێک لە بانگبێژە دیارەکانی مزگەوتی حەرام لە مەککەی پیرۆز، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کۆچی دوایی کرد، پاش ساڵانێکی زۆر لە بەجێگەیاندنی ئەرکی بانگدان و تەکبیر لە پیرۆزترین شوێنی موسڵماناندا.
ئەمڕۆ میدیاکانی سعودیە ڕایانگەیاند، شێخ ئیبراهیم بن عادل مەدەنی، یەکێک لە بانگبێژە دیارەکانی مزگەوتی حەرام لە مەککەی پیرۆز، بەر لە کاتی نوێژی بەیانیی ئەمڕۆ 21ـی ئەیلوولی ساڵی 2026 لە مەککە کۆچی دوایی کردووە.
ناوبراو ساڵانێکی زۆر وەک بانگبێژێکی فەرمیی مزگەوتی حەرام بەشداری لە بەرزکردنەوەی بانگی یەکەمی بەیانی و نوێژەکانی عەسر، مەغریب و عیشادا کردووە، جیا لە بەشداریکردنی لە ئەرکی هۆشداریدا (تەبلیغ)، دەنگی تەکبیرەکانی پێشنوێژیشی بە نوێژخوێنانی ناو حەرەم دەگەیاند.
ئەو بانگبێژە لە دەرکەوتنێکی پێشووتریدا باسی لە یەکەمین ئەزموونی بانگدانی خۆی لە حەرەم کردبوو، کاتێک بە بینینی تەوافکەرانی دەوری کەعبە فرمێسک بە چاوەکانیدا هاتبووە خوارەوە و بە دڵنزمییەوە گوتبووی: "من کێم تا دەنگم لەم شوێنە پیرۆزەدا بەرز ببێتەوە؟".
یەکەمین بانگی تەلەڤزیۆنیی ئیبراهیم مەدەنی، لە مزگەوتی حەرام دەگەڕێتەوە بۆ 15ـی مانگی ڕەمەزانی ساڵی 1439ـی کۆچی، بەرامبەر بە 31ـی ئایاری ساڵی 2018 لە کاتی نوێژی نیوەڕۆدا، ئەمەش وای کرد دەنگەکەی لە ئاستی جیهانی ئیسلامیدا بناسرێت.
مەکبەرییەی مزگەوتی حەرام لە مەککە، شوێنی تایبەتیی ڕاوەستانی بانگبێژانە و بە ناوەندی پاراستنی شێوازی دەنگبێژیی تەقلیدیی مەککە و مەدینە دادەنرێت، دەستەی کارگێڕیی مزگەوتی حەرەم خاوەنی کۆمەڵێک بانگبێژی هەڵبژێردراوە کە ئەرکی بەرزکردنەوەی بانگ و گەیاندنی دروشمە ئایینییەکان لە کاتەکانی نوێژدا لە ئەستۆ دەگرن.