یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا بۆ پاراستنی زێنەدین زێدان تیمێکی تایبەتی ئاسایشی بە کرێ گرتووە، ئەمەش لە یەکەم یاریی ئەم ئەفسانەیەدا وەک ڕاهێنەری نوێی هەڵبژاردەی فەرەنسا.

 

ساڵانێکی زۆرە هاندەرانی فەرەنسا چاوەڕوانی ئەوەن زێدان وەک ڕاهێنەری وڵاتەکەیان ببینن؛ سەرئەنجام لەم هەفتەیەدا ئەو خەونە دێتە دی. هاوکات چاوەڕوانیی پێشوازییەکی گەرم و ئامادەبوونی پێوانەییی هاندەران دەکرێت لە یەکەم یاریی زێداندا.

 

هەر لەبەر ئەمەش، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا بڕیاری داوە تیمێکی ئاسایش بەبەردەوامی پارێزگاری لەو ڕاهێنەرە بکات؛ تەنانەت بەشێک لە ئەندامانی ئەو تیمە لەناو شاندی ڕاهێنەرایەتیی فەرەنسادا تۆمار کراون، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی لەگەڵ زێداندا بگەنە هەموو شوێنێک.

 

گۆڤاری 'لیکیپ'ـی فەرەنسی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوەی بۆ زێدان کراوە پێشتر بۆ هیچ ڕاهێنەرێکی ئەو هەڵبژاردەیە نەکراوە؛ لەنێو یاریزانانیشدا، تەنیا بۆ کیلیان مباپێ ڕێکاری لەو شێوەیە گیراوەتەبەر.

 

یەکەم یاریی زێدان وەک ڕاهێنەری کەڵەشێرەکان، لە چوارچێوەی هەفتەی یەکەمی وەرزی نوێی خولی نەتەوەکانی ئەورووپادا (نەیشنز لیگ) بەرامبەر تورکیا دەبێت. فەرەنسا لە هەمان کاتدا دوو یاریی دیکەش ئەنجام دەدات؛ یارییەکیان بەرامبەر بەلجیکا و ئەوی تریشیان بەرامبەر ئیتاڵیا دەبێت.