سعودیە لە ڕازیکردنی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر حوسییەکانی یەمەن شکستی هێنا، ڕاوێژکارەکانی ترەمپ دژی داواکارییەکە وەستاونەتەوە.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی کابینەی حکومەتی ئەمریکا ئاشكرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەتەواوی لە هێرشکردنە سەر حوسییەکان پەشیمان بووەتەوە و دووبارە داواکارییەکەی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەی ڕەت کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕۆژنامە ئەمریکییە، محەممەد بن سەلمان ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دووجار پەیوەندی بە ترەمپەوە کردووە و داوای دەستوەردانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکانی یەمەن کردووە، سەرەتا ترەمپ داواکەی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام دواتر وەزارەتی جەنگی ڕاسپاردووە هێرشەکانیان ئامادە بکەن، بەشێوەیەک، ئامانجەکان دیاری کرابوون و فرۆکەکانی ئەمریکا پڕ بۆمب کرابوون، بەڵام دواتر ترەمپ پەشیمان بووەتەوە و گووتوویەتی: "لە ئێستادا هێرش ناکەین."
بەپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاماژەی بە کاردانەوەی بەرپرسە نزیکەکانی ترەمپ لە بەرامبەر داوایەکەی سعودیە کردووە و بەگوتەی ئەو، زۆربەی ڕاوێژکارە باڵاکانی سەرۆکی ئەمریکا دژی هێرشکردنە سەر حوسییەکان وەستاونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو ترەمپ لەبارەی جەنگی ئێران گووتی: "من لە دۆخی بڕیاردان دام و لەگەڵ حوسییەکانی یەمەنیش بەردەوام لە پەیوەندیداین، ئەوان ڕازیبوون بەوەی لەگەڵ ئەمریکا نەجەنگن."
ئەمە یەکەمجار نییە داواکاری سعودیە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی حوسییەکان لەلایەن وڵاتانی دیکە ڕەت بکرێتەوە، سێ ڕۆژ لەمەوبەر پێگەی هەواڵی 'تورکی تودەی' لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای سووریاوە ئاشكرای کرد، چەند مەنگێک لەمەوبەر ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا داوایەکی محەممەد بن سەلمانی ڕەت کردووەتەوە، کە تێیدا داوای ناردنی سەربازی سووری کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی حوسییەکان لە یەمەن.
پێشووتریش بەهۆی کورتهێنان لە مووشەکی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، سعودیە داوای لە هەر یەک لە وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا، پاکستان و میسڕ کرد مووشەکیان بۆ دابین بکەن.