ئومێد خۆشناو هۆشداریی کۆتایی به خاوەن موەلیدەکان دهدات و لهمهودوا هەر کەسێک کارەبا نەدات زەوییەکەی لێ وەردەگرینەوە.
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر له كۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگهیاند، دۆخی بەنزین لە کۆنتڕۆڵدایە و ڕێگەش نادرێت لە کاتی کوژانەوەی کارەبادا هاووڵاتییان ئیستغلال بکرێن.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە خاوەن موەلیدەکان هەوڵی مانگرتنیان داوە، بەڵام بڕیاریان داوە زەویی شارەوانییان لێ وەربگیرێتەوە و ناكرێت بارگرانی بۆ سەر هاووڵاتییان دروست بکرێت.
ئومێد خۆشناو لەبارەی بەنزینەوە ڕوونی کردەوە، ئێستا لە دۆخی ئیدارەدانی قەیراندان و دابەشکردنی بەنزین بە کارتی ئەلیکترۆنی لە 5 وێستگە لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆوە بۆ دوای دەوامی فەرمانبەران ڕێکخراوە تا نۆره کەم ببێتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە کە هەوڵەکان بۆ چارەسەری یەکجاریی کێشەی سووتەمەنی بەردەوامن و دەستپێکردنی پڕۆژەی 24 کاتژمێریی ڕووناکی شۆڕشێکی گەورەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دووکەڵی موەلیدەکان لە هەولێر.