پەرلەمانی عێراق زنجیرەیەک پێشنیازی بەپەلەی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ پێداچوونەوە بە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی قەیرانی سووتەمەنی لە وڵاتدا.
ئەمڕۆ فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، بە پشتبەستن بە مادەی 61ـی دەستوور و یاسای پەرلەمان ژمارە 13ـی ساڵی 2018، داوا لە حکومەت کراوە پێداچوونەوە بە بڕیاری ژمارە 429ـی ساڵی 2026ی ئەنجوومەنی وەزیراندا بکات لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان.
لە نووسراوەکەدا جەخت لەوە کراوە دەبێت پلانێکی فریاگوزاری بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی قەیرانی سووتەمەنی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەشەکان لە سەرانسەری وڵاتدا دابنرێت، هاوکات ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر قەبارەی بەرهەمهێنان، هاوردەکردن، یەدەگی ستراتیژی و تێچووەکان ئامادە بکرێت.
دەزگای یاسادانان جەختی لە دانانی خشتەیەکی کاتیی ڕوون بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتییەکان و کەمکردنەوەی هاوردەکردن کردووەتەوە، هاوشانی توندکردنەوەی چاودێری بەسەر سیستەمی دابەشکردن لە کۆگاکانەوە تا وێستگەکان و لێپرسینەوە لە دەستکاریکردن و قاچاخچێتیی سووتەمەنی.
هەروەها لێژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان ڕاسپێردراوە چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات و داواش کراوە پێداچوونەوە بە ستافی باڵای کۆمپانیاکانی وەزارەتی نەوتدا بکرێت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەتایبەت لەو بەشانەی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان بوونەتە هۆی سەرنەکەوتنی پرۆسەکان.
سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ، پەرلەمان داوای گەڕاندنەوەی نرخی پێشووی نەوتی سپی بۆ جووتیاران و کرێکارانی کێڵگەکان دەکات تا ڕێگری لە پاشەکشەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بکرێت، لە هەمان کاتدا پێشنیاز کراوە کێشەی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە پشکی نەوتی خاوی تەرخانکراو و دابینکردنی خێرای نەوتی سپی پێش دەستپێکردنی وەرزی سەرما.
عێراق سەرەڕای بوونی بە یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی نەوتی خاو لە جیهاندا، ساڵانە بەشێکی زۆری داهاتەکەی لە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییە پاڵێوراوەکاندا خەرج دەکات بەهۆی سنوورداریی توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکانیەوە، بڕیارەکانی حکومەت لەبارەی دەستکاریکردنی نرخەکان هەمیشە ناڕەزایەتیی شەقام و ململانێی لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاساداناندا دروست کردووە.