ژنێکی بەریتانی دوای 11 ساڵ لە وەرگرتنی چارەسەری کیمیاییی بەردەوام بۆ شێرپەنجەیەکی کوشندەی مێشک، بۆی دەرکەوت کە هەرگیز تووشی ئەو نەخۆشییە نەبووە و تەنیا هەوکردنێکی سادەی مێشکی هەبووە.
ئەمڕۆ تۆڕی هەواڵیی بی بی سی لە ڕاپۆرتێکی بەدواداچووندا بڵاوی کردەوە، بێکی جۆنزی تەمەن 34 ساڵ، یەکێکە لە زیاتر لە 40 نەخۆش کە سکاڵای یاسایییان لە دژی دەستەی تەندروستیی زانکۆی کۆڤێنتری و وارویکشێر تۆمار کردووە بەهۆی وەرگرتنی چارەسەری نادروست و بەردەوامی شێرپەنجە.
جۆنز لە تەمەنی 21 ساڵیدا تووشی سەرئێشەی توند ببوو، بەڵام لە لایەن پرۆفیسۆر ئیان براون، پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە، پێی ڕاگەیەندرا کە گرێیەکی کوشندەی لە جۆری گلیۆبلاستۆما هەیە و تەنیا چەند مانگێکی کەم لە ژیاندا دەمێنێتەوە. بەو هۆیەوە بۆ ماوەی 11 ساڵ دەرمانی کیمیاییی (TMZ)ی بە شێوەی بەردەوام پێ دراوە، لە کاتێکدا بەپێی ڕێنمایییە جیهانییەکان، پێویست بوو تەنیا بۆ ماوەی شەش مانگ ئەو چارەسەرە وەربگرێت.
ئەو ژنە بەهۆی دەرمانە کیمیایییەکانەوە تووشی دڵتێکەڵهاتنی بەردەوام، هەڵوەرینی قژ، ماندووبوونی درێژخایەن و دابڕان لە ژیانی کۆمەڵایەتی بووە. لە ساڵی 2024 چارەسەرەکەی بەبێ ڕوونکردنەوە لە لایەن نەخۆشخانەکەوە ڕاگیرا، دواتر لە مانگی ئایاری 2025 پشکنینە نوێیەکان سەلماندیان کە ناوبراو هەرگیز شێرپەنجەی نەبووە، بەڵکوو تووشی هەوکردنێک بووە کە دەتوانرا بە دەرمانی ستیرۆید چارەسەر بکرێت.
کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی بەریتانیا لە لێکۆڵینەوەیەکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە کۆی 20 دۆسیەی پشکنراوی ئەو پزیشکە، 15 دۆسیەیان کەموکووڕیی گەورەیان هەبووە. دەستەی پشکنینەکە بێدەنگیی نەخۆشخانەکە و تیمەکانی دەرمانسازیی لە بەرامبەر پێدانی 10 بۆ 15 ساڵەی چارەسەری کیمیایی بە 'ناپاکی بەرامبەر متمانەی نەخۆشەکان' وەسف کردووە.