سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەدات لەوەی کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکادا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی، نەخشەی جوگرافیای جەنگەکە و جۆری چەکە بەکارهێنراوەکان دەگۆڕێت.
ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێکی نوێ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوازی بەرگری و هێرشی پێچەوانەی وڵاتەکەدا ڕوو دەدات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، هێزەکانیان ئامانجی نوێ بۆ بۆردومانکردن دەستنیشان دەکەن کە جیاواز دەبن لە ئامانجەکانی پێشوو؛ هاوکات چەکی نوێی خاوەن توانستی پێشکەوتوو دەخەنە مەیدانەکەوە و جیهان تووشی سەرسوڕمان دەکەن.
ئەم پەیامە دوای لێدوانەکانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران دێت، کە هۆشداری دابووە واشنتن لەوەی لە ئەگەری هەر هەڵەیەکدا، هەموو بنکە و بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبنە ئامانجی هێرشی بەردەوام و بێسنوور.
گرژییە سەربازییەکان پاش ماوەیەک لە ئارامیی ڕێژەیی، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی یەمەن و کۆنترۆڵکردنی ناوچەی بابولمەندەب لەلایەن گرووپی حوسییەکانەوە جارێکی دیکە هەڵکشاون؛ ئەمەش ئارامیی نێودەوڵەتیی خستووەتە مەترسییەوە.
ململانێی سەربازیی نێوان هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، دوای هێرشەکانی 28ـی شوباتی ڕابردوو چووە قۆناغێکی مەترسیدارەوە؛ تەشەنەسەندنی ئەم گرژییانەش بۆ گەرووە ستراتیژییەکانی دەریای سوور، ئاسایشی وزە و بازرگانیی جیهانیی دووچاری پەککەوتن کردووە.