دەستەی پاراستنی زانیارییەکانی ئێرلەندا بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا، سزایەکی دارایی قورسی بە گوژمەی زیاتر لە 400 ملیۆن یۆرۆ بەسەر کۆمپانیای گووگڵدا سەپاند.

 

ئەمڕۆ کۆمسیۆنی پاراستنی داتاکانی ئێرلەندا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پاش لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕ دەرکەوتووە گووگڵ بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و نایاسایی دەستی بەسەر زانیارییەکانی شوێنپێهەڵگرتنی بەکارهێنەراندا گرتووە؛ ئەمەش لە ڕێگەی چالاکییەکانی وێب، ئەپڵیکەیشنەکان و مێژووی شوێنی جوگرافییەوە.

 

گراهام دۆیڵ، جێگری کۆمسیاری دەستەکە ئاشکرای کرد، بەکارهێنەران بێئاگا بوون لەوەی شوێنەکانیان بۆ ئاراستەکردنی ڕیکلام و دەستنیشانکردنی ئارەزووەکانیان بەکار هاتووە؛ هاوکات هێشتنەوەی زانیارییەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەلایەن گووگڵەوە، بووەتە هۆی لەدەستچوونی کۆنترۆڵی هاووڵاتییان بەسەر زانیارییە تایبەتییەکانیاندا.

 

بەم مەبەستەش و بۆ سنووردارکردنی دەستبەسەرداگرتنی داتای کەسی لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیاوە، دەستەی پاراستنی زانیارییەکانی ئێرلەندا بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا، سزایەکی بە بڕی 403 ملیۆن یۆرۆ (کە دەکاتە 462 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) بەسەر کۆمپانیای گووگڵدا سەپاند.

 

جیا لە سزاکە، دەستەی چاودێرییەکە گووگڵی پابەند کردووە لە ماوەی شەش مانگدا سیستەمی کۆکردنەوە و بەکارهێنانی داتاکانی لەگەڵ یاساکانی یەکێتیی ئەوروپادا بگونجێنێت. ئەم بڕیارە کۆتایی بەو لێکۆڵینەوەیە هێنا کە دەستەکە لە مانگی شوباتی ساڵی 2020دا لەسەر شێوازی مامەڵەی گووگڵ لەگەڵ زانیارییە جوگرافییەکانی بەکارهێنەراندا دەستی پێ کردبوو. لە بەرامبەردا، کۆمپانیاکە تاکوو ئێستا بە شێوەیەکی دەستبەجێ وەڵامی پەیوەندییەکانی میدیاکانی لەمبارەیەوە نەداوەتەوە.

 

یاسای گشتیی پاراستنی داتاکان لە یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2018دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەسەڵاتێکی فراوانی بەخشییە دامەزراوە چاودێرییەکان بۆ سزادانی دارایی هەر کۆمپانیایەک کە سەرپێچی لە پاراستنی تایبەتمەندیی هاووڵاتییاندا بکات.

 

دەستەی ئێرلەنداش وەک ناوەندی سەرەکیی چاودێری لە ئەورووپا کار دەکات، چونکە بارەگای سەرەکیی ئەوروپیی زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا لەو وڵاتەدا جێگیر کراوە.