سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی سوپای یەکگرتووی هێزی پێشمه‌رگه‌دا نیشتیمانی بوونی پێشمه‌رگه‌ و بێ به‌ریببوونی له‌ 'حزب و سیاسه‌ت' ڕاگه‌یاند.

 

ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا ڕایگەیاند، کوردستان پێویستی بە یەک هێز، یەک وەزارەت و یەک فەرماندە هەیە و دامەزراوەی سەربازی نابێت بۆ هیچ ململانێیەکی سیاسی بەکار بهێنرێت.

 

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پرۆسەیە تەنیا گۆڕانکاری لە پەیکەر و گواستنەوەی یەکەکان نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی نیشتمانیی گەورەیە بۆ بنیاتنانی دامەزراوەکان و دەبێت ئەم یەکڕیزییە لە تەواوی سێکتەرەکانی تریشدا ڕەنگ بداتەوە.

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ هێزە چەکدارەکان جەختی کردەوە، پێشمەرگە هێزی تەواوی خەڵکی کوردستانە بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانەوە و لە سەختترین ڕۆژەکاندا بە یەک گیان بەرگرییان لە خاک کردووە.

 

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێم مێژووی دەستپێکردنی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2016 لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی لە کاتی شەڕی داعش گەڕاندەوە، هاوکات بڕیاری مێژووییی ناردنی پێشمەرگەی بۆ کۆبانێ لە ساڵی 2014 بەرز نرخاند.

 

پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە یەکێک لە داواکارییە لەمێژینەکانی خەڵکی کوردستان بوو کە ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا بە سەرکەوتوویی چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.