سەرۆک بارزانی لە 56مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستاندا، پێگەی مێژوویی مامۆستایانی ئایینی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و بەرگریکردن لە مافە ڕەواکان بەرز دەنرخێنێت.
ئەمڕۆ بارەگای بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە، تێیدا سەرۆک بارزانی بەبۆنەی تێپەڕبوونی 56 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستاندا، پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک، ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتییەکە و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، بڕیاری دامەزراندنی ئەم دامەزراوەیە بە ڕاسپاردەی مەلا مستەفا بارزانی بووە و هەنگاوێکی مێژوویی بوو بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی پێشەنگانەی زانایان لە شۆڕش و خەباتی نەتەوەییدا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە مامۆستایانی ئایینی هەمیشە سەنگەرێکی پتەوی بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بوون و پەیامی خوداپەرستی، دینداری، لێبوردەیی، میانڕەوی و پێکەوەژیانیان بڵاو کردووەتەوە.
هاوکات ڕێز و پێزانینی بێپایان بۆ ماندووبوون و قوربانیدانی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغەکانی ڕابردوو و ئێستادا دووپات کراوەتەوە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستراوە لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە لە ئاڕاستەکردن و ڕێنوێنیکردنی کۆمەڵگەدا.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، لە 21ـی ئەیلوولی ساڵی 1970 بە سەرپەرشتیی مەلا مستەفا بارزانی لە گوندی گەڵاڵە دامەزراوە، ئەم ڕێکخراوە وەک چەترێکی هاوبەش کاری کردووە بۆ کۆکردنەوەی توانای مامۆستایانی ئایینی و بەشداریکردنی کاریگەریان لە پرسە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەکاندا.