کەشناسیی هەرێمی کوردستان و دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو و ڕۆژانی کۆتایی هەفتەیان خستە ڕوو.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئاسمانی ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئەیلوول، ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکاندا، پلەکانی گەرماش هاوشێوەی تۆمارەکانی دوێنێ دەمێننەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای ئەمڕۆ لە گەرمیان 38 پلە، لە هەولێر و چەمچەماڵ 36 پلە، لە دهۆک، زاخۆ و هەڵەبجە 35 پلە و لە سلێمانی 33 پلە دەبێت، لە کاتێکدا نزمترین پلە کە لە حاجی ئۆمەران تۆمار دەکرێت، 27 پلەی سیلیزی دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە سەبارەت بە کەشوهەوای ڕۆژی سێشەممە 22ـی ئەیلوول ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، هاوکات بەهۆی بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵێکی سووکەوە، مەودای بینین بۆ 6 تا 8 کیلۆمەتر دادەبەزێت.
پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بە بڕی 1 تا 3 پلە بەرز دەبنەوە، بەجۆرێک لە گەرمیان دەگاتە 40 پلە، لە هەولێر، هەڵەبجە و چەمچەماڵ 37 پلە، لە دهۆک و زاخۆ 36 پلە و لە سلێمانی و سۆرانیش بۆ 35 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
هاوکات دەستەی گشتیی کەشناسی و چاودێریی بوومەلەرزەزانیی عێراق، پێشبینییەکانی تا کۆتایی هەفتەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ڕۆژی سێشەممە پارێزگاکانی بەسڕە، میسان، زیقار و موسەننا گەرمترین دەبن بە 44 پلەی سیلیزی و بەغداش 42 پلە تۆمار دەکات.
لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا بای باکووری خۆرئاوا بە خێرایی سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە بەشەکانی باشوور چالاک دەبێت و تۆزوخۆڵ دروست دەکات، هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و باکوور چەند پلەیەک دادەبەزنەوە.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە کۆتایی وەرزی هاوین و دەستپێکی وەرزی پاییزدا، بە ناسەقامگیریی پلەکانی گەرما و چالاکبوونی با لە ناوچە جیاوازەکاندا دەناسرێنەوە، ناوەندە کەشناسییەکان هۆشداری دەدەن لە کاریگەریی تۆز و خۆڵ لەسەر تەندروستیی گشتی و کەمبوونەوەی مەودای بینین بۆ شۆفێران.