ئیتاڵیا ڕێکاری تووند بەرامبەر بە قوتابی موسڵمان دەگرێتە بەر، ڕێژەی قوتابییانی بیانیش لە ناوەندەکانی خوێندن کەم دەکاتەوە.
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆبوونەوەیەکەی گەنجانە کە لەلایەن پارتی ڕاستەڕەوی وڵاتەکە ڕێکخرابوو، ڕایگەیاند، بەمزووانە ڕێکارێکی نوێ پێشنیار دەکات، کە تێیدا داپۆشینی ڕوخسار لە ڕێگەی پۆشینی 'نیقاب' یان 'بورقە' لەلایەن قوتابییانەوە لە قوتابخانەکان قەدەغە دەکات و ژمارەی قوتابییانی بیانیش لە پۆل سنووردار دەکات.
میلۆنی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە سەرپۆش 'حیجاب' نەکرد، بەڵکو تەنیا جەختی لە 'نیقاب'ـی ئیسلامی، 'بورقە' و ئەو جلوبەرگانە کردەوە کە کچانی موسڵمان دەیپۆشن و جگە لە چاویان، تەواوی جەستەیان دادەپۆشێت.
جگە لە پرسی پۆشینی 'نیقاب'، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژەی بە فێربوونی زمانی ئیتاڵی بەشێوەیەکی زۆرەملێ و سنووردارکردنی ڕێژەی قوتابییانی بیانی لە پۆلەکان دا، هاوکات دەبێت ئەو دایک و باوکانەی کێشەی تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ سیستەمی خوێندندا هەیە پابەند بکرێن بە فێربوونی زمانی ئیتاڵی.
میلۆنی گووتی: "ئەگەر یەک قوتابی لە پۆل دا هەبێت و زمانی ئیتاڵی نەزانێت، ئاساییە و لەوانە بتوانێت بە یارمەتی هاوپۆلەکانی وردە وردە فێری زمانەکە ببێت و تێکەڵی سیستەمی خوێندن بێت، بەڵام ئەگەر ژمارەی ئەو قوتابییانەی ناتوانن بە ئیتاڵی قسە بکەن زۆر بوو، ئەمە بە واتای "کەمتەرخەمی" دێت."
ئیتاڵیا بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەندرێت کە ڕێژەی پەنابەرانی گەلێک زۆرە، لەبەر ئەم هۆیەش چەندین ساڵە بابەتی 'پەنابەران' گرنگترین بابەتی سیاسییە لە وڵاتەکە و بەردەوام مشت و مڕی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە، بەگوێرەی داتای دامەزراوەی توێژینەوەی فۆندەزایۆن ISMU، ئەو قوتابییانەی وڵاتینامەی ئیتاڵییان نییە 11.6%ـی قوتابییانی وڵاتەکە پێکدەهێنن.