دادگای سلێمانی بڕیاری دا پێنجەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور تاڵه‌بانی و گیراوانی هۆتێل لالەزار بۆ ڕۆژی پێنجشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2026 دوابخات.

 

ئەمڕۆ دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵه‌بانی ڕایگەیاند، بڕیار بوو دانیشتنەکە دوێنێ 20ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت، بەڵام بە بڕیاری دادگا دواخراوە.

 

بە وتەی پارێزەران، لە دانیشتنی داهاتوودا پاشکۆی وتەکانی لاهور تاڵه‌بانی وەردەگیرێت و بەڵگە نوێیەکان لەبەردەم دادوەردا دەخرێنە ڕوو.

 

لە چوارەمین دانیشتنی دادگادا کە سێ کاتژمێر و نیوی خایاند، لاهور تاڵه‌بانی و پۆڵادی برای و ڕێبوار حامید بۆ یەکەم جار وتەیان لێ وەرگیرا و سەرجەم ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە کە خرابوونە پاڵیان.

 

تیمی پارێزەران ڕەخنەیان لە ڕێکارەکانی دادگا گرت و ئاماژەیان بەوە کرد، داوای هێنانی تۆماری کامێراکانی چاودێری و چەند بەڵگەیەکی تریان کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

 

کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانیی 22ی ئابی 2025 کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار و پاش چه‌ندین کاتژمێر له‌ شەڕ و پێکدادان، لاهور تاڵه‌بانی، پۆڵاد تاڵه‌بانی و ده‌یان كه‌س له‌ هاوەڵەکانی لاهور تاڵه‌بانی دەستگیر کران.