سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا سەرکەوتنی پرۆسەی چوار ساڵەی یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە وتارێکدا ئاشکرای کرد کە بەڵێنی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوە چوو، تێیدا 11 فیرقەی سەربازی لە هەردوو فەرماندەییی دەڤەری یەک و دوو لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی و کۆماندۆ خرانە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دەستکەوتە لە ژێر ڕێنمایییەکانی سەرۆک بارزانی، پشتیوانیی سەرۆکی هەرێم و هاوکاریی بەردەوامی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ماوەی چوار ساڵی کارکردنی چڕدا بەدی هاتووە.
سهرۆكوهزیران جەختی لەوە کردەوە کە یەکگرتنەوەکە قۆناغی یەکەمە و قۆناغی داهاتوو زۆر گرنگترە کە خۆی لە پەرەپێدانی تواناسازی، مەشقی پێشکەوتوو و پڕچەککردنی پێشمەرگەدا دەبینێتەوە.
مەسرور بارزانی پێشمەرگەی وەک زامنی ئاشتی و بەشێکی گرنگی سیستەمی بەرگریی عێراق وەسف کرد و ئامادەییی تەواوی هەرێمی بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ دووپات کردەوە.
پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەنجام درا.