بەپێچەوانەی دەنگۆ باوەکان کە گوایە 21ی ئەیلوول یەکەم ڕۆژی پاییزە، لێکدانەوە فەلەکییەکان دەریدەخەن کە دەستپێکی ڕاستەقینەی ئەم وەرزە تاوەکوو بەرەبەیانیی چوارشەممە دوادەکەوێت.

 

ئەمڕۆ پسپۆڕێکی فەلەکناسی لە زانکۆی سەڵاحەددین ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە 23-9-2026 لە کاتژمێر 3:05ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، دیاردەی فەلەکیی هاوسەنگبوونی پاییزە ڕوودەدات و پاییز بە فەرمی دەست پێ دەکات.

 

ئەژی چەتۆ حەسەن، بەرپرسی یەکەی کەشناسی و ڕوانگەی فەلەکناسیی خۆر لە زانکۆی سەڵاحەددین ئاشکرای کرد، لەو کاتەدا تیشکی خۆر بە هێڵی کەمەرەیی ئاسماندا تێدەپەڕێت و لە نیوەگۆی باکوورەوە بەرەو نیوەگۆی باشوور دەچێت.

 

لە ڕۆژی چوارشەممەدا لە شاری هەولێر خۆر لە کاتژمێر 05:52ی بەیانی هەڵدێت و لە 05:59ی ئێوارە خۆرئاوا دەبێت، بەمەش ماوەی ڕۆژ دەبێتە 12 کاتژمێر و 7 خولەک، دواتریش ڕۆژ بەرەو کورتبوونەوە دەچێت.

 

ئەم پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کرد کە دەستپێکردنی پاییز لە 23ی مانگدا دیاردەیەکی دەگمەنە، چونکە زۆربەی ساڵان دەکەوێتە 21 یان 22ی مانگ و ئەمساڵ بە ڕووداوێکی تایبەتی فەلەکی دادەنرێت.

 

هاوکات پێشبینییە کەشناسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سبەینێوە کەشێکی فێنک ناوچەکە دەگرێتەوە، بەڵام لە ڕۆژی سێشەممەوە پلەکانی گەرما 2 بۆ 3 پلە بەرز دەبنەوە پێش ئەوەی لە کۆتایی مانگدا شەپۆلی سەرما دەست پێ بکات.

 

بەپێی نەخشە کەشناسییەکان، مانگەکانی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ وەرچەرخانێکی گەورە لە کەشوهەوادا ڕوودەدات و بارانبارینێکی مێژوویی و مەترسیی لافاو ناوچەکە دەگرێتەوە.

 

دیاردەی هاوسەنگبوونی پاییزە لە کولتووری کوردی و ڕۆژژمێری هەتاویدا، هاوکاتە لەگەڵ 1ی ڕەزبەر کە تێیدا شەو و ڕۆژ لەسەر ئاستی جیهان یەکسان دەبن و گەڵاڕێزان دەست پێدەکات.