دوای دەرهێنانەوە لە بیرێکی ئاو منداڵە تەمەن 4 ساڵانەکەی گوێڕ بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە گیانی لەدەستدا.
کەمێک لەمەوبەر سامان سەلمان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، منداڵەکە ناوی هاجەر محەممەدە و بەڕەگەز عەرەبە، پێش ئەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای هەولێر گیانی لەدەست دابوو،
سامان سەلمان باسی لەوە کرد، سەرجەم کارە کارگێڕییەکانی کۆتایی هاتوون و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی هەولێر هۆکاری گیان لەدەستدانی منداڵەکەی بۆ نەمانی ئۆکسجین گەڕاندەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ منداڵێک لە ناحیەی گوێر کەوتە نێو بیرێکی ئاو و تیمەکانی بەرگری شارستانی دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانیان منداڵەکە دەربهێننەوە.