سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستاندا، پێگەی مامۆستایانی ئایینی لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان بەرز دەنرخێنێت.
ئەمڕۆ سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک، ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرجەم مامۆستایانی ئایینیی سەر بە یەکێتییەکە کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە، مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لە خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان گێڕاوە، ئەمەش هەمیشە جێگەی ڕێز و پێزانینە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، مەسرور بارزانی هیوا دەخوازێت، مامۆستایانی ئایینی لەسەر ڕێچکەی بەهێزکردنی بنەماکانی میانڕەوی و پێشخستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان بەردەوام بن، هاوکات ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندئاژۆیی و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە لەسەر گیانی برایەتی، بە ئەرکێکی سەرەکی و کاریگەری ئەم قۆناغە وەسف دەکات.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، لە 21ـی ئەیلوولی ساڵی 1970 بە سەرپەرشتیی مەلا مستەفا بارزانی لە گەڵاڵە دامەزراوە، ئەم ڕێکخراوە وەک ناوەندێکی فەرمی بۆ ڕێکخستنی کاروباری مامۆستایانی ئایینی و هاوئاهەنگیکردنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا دەستی بە کارەکانی کردووە.