گەنجێکی کۆچبەری خەڵکی شاری کەرکووک، توانی پلەی سەرۆکی مارشاڵەکانی شاری مانچستەر لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا بەدەست بهێنێت.

ئەمڕۆ محەممەد ساڵح، لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایگەیاند، بە فەرمی وەک سەرۆکی نووسینگەی مارشاڵەکانی شاری مانچستەر دەستبەکار بووە، هاوکات، پۆلیسی مانچستەر لە ڕاگەیەندراوێکدا پێزانینی خۆی بۆ ماندووبوون و دڵسۆزیی محەممەد لە ماوەی کارکردنیدا دەربڕی، و وەرگرتنی ئەم پۆستە باڵایەی بۆ سەرکردایەتیکردنی دەزگای مارشاڵ لێ پیرۆز کرد.

ساڵح لە کەرکووک گەورە بووە و لە بواری وەرزشی تایکواندۆدا لە ساڵی 2013 پشتێنەی ڕەشی نێودەوڵەتیی بەدەست هێناوە، پاشان ڕووی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و لە سەرەتای گەیشتنی بەو وڵاتە، هاوشانی خوێندن ڕووی لە کاری ئەمنی کردووە.

ناوبراو لە بنکەی پۆلیسی لاگرەینج و پاشان لە پۆلیسی مانچستەر، پلەکانی لە ئەفسەری گەڕۆکەوە تاوەکو پلەی سەردەستە بڕیوە، لە ساڵی 2023ـدا لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا توانی ژیانی ژنێکی بەساڵاچوو لە مردن ڕزگار بکات و ببێتە جێی سەرنجی میدیاکان.

ساڵح لە پەیامێکدا ڕوونی کردەوە کە ئەم گەشتە لە چیاکانی کوردستان و کۆڵانەکانی کەرکووکەوە دەستی پێ کردووە و هەموو قۆناخێکی پڕ لە ئاستەنگ بووە، لە دەقی پەیامەکەیدا هاتووە: "کاتێک دەڕوانمە ڕابردووی خۆم، بۆم دەردەکەوێت ئەوە تەنیا هەنگاوی من نەبووە، بەڵکو دەستگیرۆیی پەروەردگار بووە، شانازی بە ڕەچەڵەکمەوە دەکەم، سوپاسگوزاری ئەو ڕێگایەم کە بڕیومە و دەزانم ئەم دەستکەوتە تەنیا سەرەتایەکە".

نووسینگەی مارشاڵی فیدراڵی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێکە لە دەزگا باڵاکانی جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکانی دادگا، ئەم دەزگایە پێگەیەکی هەستیاری ئەمنیی هەیە و ئەرکی سەرەکیی پاراستنی ئاسایشی دادگاکان و گواستنەوەی زیندانییەکان لە ئەستۆ دەگرێت.