لە یاریی 25ی ئۆکتۆبەری 2026 بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید، درێسی بارسا لۆگۆی GOLFی لەسەر دەبێت. ئەمە نوێترین سوپڕایزی سپۆتیفایە بۆ هاندەرانی تۆپی پێ و مۆسیقا.

 

ڕۆژنامەی سپۆرت بڵاوی کردووەتەوە، ڕاپەری دیاری ئەمریکی تایلەر (Tyler, The Creator) پاڵێوراوی سەرەکییە بۆ ئەوەی ناوی بخرێتە سەر درێسی یانەی بارسێلۆنا لە یاریی داهاتووی کلاسیکۆدا بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید. ئەو یارییە بڕیارە لە 25ی ئۆکتۆبەری 2026 لە یاریگەی کامپ نۆ ئەنجام بدرێت.

 

ئێستا گفتوگۆکانی نێوان تایلەر و یانەی بارسێلۆنا گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی واژۆ نەکراوە و چەند وردەکارییەکی بچووک ماون کە ڕێک بخرێن. تایلەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی یوتیوب زیاتر لە 8 ملیۆن بەشداربووی (سەبسکرایبەر) هەیە و کەسایەتییەکی کاریگەری ئەمریکییە؛ جگە لە بوارەکانی هونەر و میوزیک، لە جیهانی مۆدە و جلوبەرگیشدا ناوبانگێکی بەرزی هەیە.

 

ئەگەر ڕێککەوتنەکە سەر بگرێت، ئەوا لە کلاسیکۆی داهاتوودا وشەی "GOLF" دەچێتە سەر درێسی بارسێلۆنا، کە ئاماژەیە بۆ براندی جلوبەرگی GOLF WANG کە لەلایەن ئەم ڕاپەرەوە دامەزراوە.

 

یانەی بارسێلۆنا لە ساڵی 2022ەوە لە ڕێگەی هاوبەشییەکەی لەگەڵ کۆمپانیای سپۆتیفای (Spotify)، ناوی چەندین هونەرمەندی ناوداری جیهانی خستووەتە سەر درێسەکەی لە یارییەکانی کلاسیکۆدا. لە یارییە کلاسیکۆکانی ڕابردوودا، ناوی هونەرمەندان و گرووپەکانی وەک: ئێد شیران، ترافیس سکۆت، کارۆڵ جی، کۆڵدپلەی، ڕۆڵینگ ستۆنز، ڕۆزالیا، درەیک و ئۆلیڤیا ڕۆدریگۆ لەسەر درێسی یانەکە درەوشاونەتەوە.

 

لە ئێستاشدا تایلەر نزیکترین کەسایەتییە بۆ ئەوەی لە 25ی ئۆکتۆبەری 2026 لە یەکەم کلاسیکۆی وەرزی 2026/2027 ناوی بچێتە سەر درێسی یانە کاتالۆنییەکە.