حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دوا هۆشداریی ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە کرد کە لە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی ناوتۆمارکردندا هەڵە لە زانیارییەکانیاندا هەبووە.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 15ی ئەیلوولی 2026 دوا مۆڵەتە بۆ ڕاستکردنەوە و تەواوکردنی زانیارییە کەمەکانی ناو فۆڕمەکان.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی لە ڕێگەی سیستەمی فەرمییەوە کورتەنامەی ئاگادارکردنەوەیان پێگەیشتووە، بە زووترین کات پێداچوونەوە بە فۆڕمەکانیاندا بکەن.

 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە هۆشداری دەدات کە هەر کەسێک تاوەکوو وادەی دیاریکراو زانیارییەکانی ڕاست نەکاتەوە، بە تەواوی لە پرۆسەی تیروپشکی ناوی حاجییان بێبەش دەکرێت و مافەکەی دەفەوتێت.

 

پڕۆسەی ناوتۆمارکردن بۆ حەج لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە بەڕێوە دەچێت و ساڵانە هاووڵاتییان لە ڕێگەی تیروپشکی ئاشکراوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج هەڵدەبژێردرێن.