لە وەڵامی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی هەولێردا، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بە واژۆی د. عەبدوڵڵا مەلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان، ڕای شەرعیی خۆی دەربارەی دیاردەی ڕاوکردن بڵاو کردەوە.

 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لە فەتوایەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، ڕاوکردنی باڵندە و ئاژەڵی کێوی تەنیا لە پێناو کات بەسەربردن، هەوەس و ئارەزووبازیدا لە ڕووی شەرعییەوە قەدەغەیە.

 

بەپێی دەقی فەتواکە، ڕاوکردن لە ئیسلامدا لە بنەڕەتدا بە مەرج ڕێگەی پێ دراوە و دەبێت تەنیا بۆ پێداویستیی خواردنی گۆشتی ئاژەڵەکە بێت؛ بەڵام ئەگەر تەنیا بۆ خۆشی و ئارەزووبازی بێت بەپێی فەرموودە سەحیحەکانی پێغەمبەر (د.خ) بە تەواوی نەهی لێ کراوە.

 

هاوکات لە فەتواکەدا هاتووە کە لەناوبردنی ئاژەڵە دڕندە زیانبەخشەکانی وەک بەراز، گورگ، مار و دووپشک دروستە، بە مەرجێک زیان بە گیانی مرۆڤ، کێڵگە، ڕەز و باخی هاووڵاتییان بگەیەنن، چونکە پاراستنی گیان و ماڵی مرۆڤ لە پێشینەی ئاییندایە.

 

لە کۆتاییی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان، بەرپرسان و دەسەڵاتداران دەکات پارێزگاری لە ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بکەن و وەک بەخشیشێکی خودایی بیپارێزن.