بە چڕبوونەوەی هەوڵە سیاسییەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغێکی چارەنووسساز لە هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکاندا دەست پێ دەکات.

ئەمڕۆ، مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ چڕ کراونەتەوە، و گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا هەیە.

مەحموود محەممەد ڕوونی کردەوە، هەستیاریی دۆخی ناوچەکە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی گەورە دەخاتە ئەستۆی هەمووان، بە جۆرێک دەبێت تەنانەت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت، ناوبراو ئاشکراشی کرد کە کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بەردەوام بوون، هەرچەندە بەشێکیان دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجام دراون.

سەبارەت بە دۆخی بەغدا و پرۆسەی تەواوکردنی کابینەی حکومەتی فیدراڵ، وتەبێژی پارتی هۆکاری دواکەوتنەکەی بۆ کێبڕکێ سیاسییەکان گەڕاندەوە، و پێشبینیی کرد دوای گەڕانەوەی عەلی زەیدی لە ئەمریکا ئەم پرسە کۆتایی پێ بێت.

هاوکات دەربارەی داماڵینی چەکی گرووپەکانی عێراق، ناوبراو جەختی لە دەستوور کردەوە وەک تاکە پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی چەک، لەپاڵ دووپاتکردنەوەی ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ سەربازییەکان.