دادگای عێراق دەست بە دادگاییکردنی شەش هاووڵاتی فەڕەنسی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی داعش دەکات.

  
سەرچاوەیەک لە دادوەریی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دادگاییکردنی شەش هاووڵاتییە فەڕەنسیەکە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ناسنامەکانیان ئاشکرا نەکراوە، ئەو تۆمەتبارانە بەشێکن لەو 47 کەسەی کە لە ساڵی 2025 دا لە سووریا بۆ عێراق گواسترانەوە.

  
بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی فرانس پرێس، لە نێو دەستگیرکراواندا 'ئەدریان گییال' هەیە، ئەو کەسەی کە بەرپرسیارێتی ‌هێرشەکەی فەڕەنسا لە 14ی تەمموزی 2016ی گرتبووە ئەستۆ.

دادگاکانی عێراق لە ساڵانی رابردوودا سزای لە سێدارەدان و زیندانیی هەمیشەییان بەسەر ژمارەیەک بیانییدا سەپاندووە ئەمەش نیگەرانیی لای گرووپەکانی مافی مرۆڤ دروستکردووە.

لە سەرەتای ساڵی 2026 زیاتر لە 5700 کەس لە نزیکەی 60 ڕەگەزنامە، کە گومانیان لێدەکرێت ئەندامی داعش بن، دوای ئەوەی ساڵانێک لە کەمپەکانی سووریا بوون، دواتر بۆ عێراق گواستراونەوە.