سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لە سەرجەم ناوەندەکانی فێرکردن لە هەرێمی کوردستان لێ دا.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ئاڵان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە قوتابخانەی گڵۆباڵ لە هەولێر بەشدار بوو لە ڕێوڕەسمی زەنگ ڵێدانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی هەرێمی کوردستان و پەیامێکی پێشکەش کرد.
مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 310 قوتابخانەی نوێ دروست کراون و 629 پۆلی نوێش بۆ قوتابخانەکان زیاد کراون، هاوکات 3175 ژوور لە قوتابخانە جیاوازەکان لەلایەن حکومەت و ڕێکخراوە بەخشەرەکان نۆژەن کراونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەت قوتابییانی هان دا گرنگی بە خۆشەویستیی نیشتمان، پاراستنی ژینگە، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بدەن و ڕێز لە ماندووبوونی پێشمەرگە و مامۆستایان بگرن، ناوبراو ستایشی خۆڕاگریی مامۆستایانی کرد لە بەرامبەر دۆخی ناهەموار و جەختی کردەوە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و خوێندن بە زمانی دایک لە کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکان بنەمای سەرەکییە.
مەسرور بارزانی ڕەخنەی لە کەمتەرخەمیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق گرت بەرامبەر دابیننەکردنی بەشەبودجەی شایستەی کەرتی پەروەردەی هەرێم، سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی نوێ، مەسرور بارزانی داوای لە پەرلەمانتاران کرد بایکۆت بشکێنن و بگەڕێنەوە پەرلەمان، چونکە یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکومەت لە دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە دەست پێ دەکات.
لە بارەی گرووپە چەکدارەکان و کێشەی ئەمنی، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، یاسا دەبێت لە هەموو ناوچەکان سەروەر بێت و پێویستە هەر چەکێکی بێ مۆڵەت یان چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، بخرێتەوە ژێر کۆنترۆڵی فەرمیی دامەزراوەکان.
ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار قوتابی ڕوو لە ناوەندەکانی خوێندن دەکەن، پەرەپێدانی ژێرخانی پەروەردە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتدایە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی فێرکردن لە سەرانسەری وڵاتدا.