بانکی ناوەندیی عێراق لەسەر بەردەوامیی ناهاوسەنگیی نێوان نرخی فەرمی و بازاڕی ئازادی دۆلار لە عێراقدا هاتە دەنگ، و هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە خێرایەی دۆلاری ئاشکرا کرد.

 

ئەمڕۆ، بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراقدا پەیوەندیی بە قۆستنەوەی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە لەلایەن دەڵاڵان و ئەنجامدانی مامەڵەی ساختەوە هەیە، بە مەبەستی شێواندنی هاوسەنگیی دارایی و بەدەستهێنانی قازانجی تایبەت.

 

بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات و داوا دەکات کە بەگوێرەی زانیاریی ناڕاست مامەڵە بە دراوەکانیانەوە نەکەن، هەروەها تەنیا پشت بە زانیارییە فەرمییەکان ببەستن و لەئەگەری بوونی هەر سکاڵایەک لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمییەوە تۆمار بکەن.

 

چاودێرانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، لە کۆمەڵێک کێشەی پێکهاتەییەوە سەرچاوە دەگرن، لەوانە مەرجە توندەکانی چاودێریی نێودەوڵەتی لەسەر گواستنەوەی دراو و ڕێکارەکانی خستنەڕووی دۆلار.

 

ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لەناکاو و بە شێوەیەکی خێرا بەرز بووەوە، بە شێوەیەک نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی لە 147,000 دینارەوە بەرەو 160,000 دیناری عێراقی بەرز بووەوە.

 

نەمانی توانای بەشێک لە بازرگانە بچووکەکان بۆ بەکارهێنانی سەکۆی فەرمی، بەهۆی ئاڵۆزیی مەرجەکانی وەرگرتنی دۆلار لە بانکە فەرمییەکاندا، وا دەکات بازاڕی هاوتەریب وەک تاکە سەرچاوەی دەستکەوتنی نەختینە بمێنێتەوە، ئەمەش بەردەوام خواست لەسەر دۆلاری نەختینە زیاد دەکات و کەلێنی نێوان هەردوو نرخەکە فراوانتر دەکات.

 

لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە، حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق نرخی فەرمیی دۆلاریان بە 1320 دینار دیاری کردووە، بەڵام لە بازاڕی ئازاددا بەهۆی سنووردارکردنی حەواڵەکان و ململانێ ناوچەییەکانەوە، هەمیشە بە جیاوازییەکی بەرچاوەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.