ئێران کەسێکی دیکەی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە جەنگی 12ـی ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو لە سێدارەدا.
ئاژانسی میزان نیوزی ئێرانی ڕایگەیاند، ئێران پیاوێکی بە ناوی 'حوسێن پێداران' بە تۆمەتی ناردنی زانیاری لەبارەی شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانی وڵاتەکە لە پارێزگای ئەسفەهان بۆ دەزگای هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئیسرائیل - مۆساد، لە سێدارەدا.
دادگای ئێران 'حوسێن پێداران'ـی بە "سیخوڕیکردن و هەماهەنگی هەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیل" تۆمەتبار کرد، بەڵام زانیاری لەسەر کاتی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی نەخستەڕوو، بەڵام بەگوێرەی زانیاری ئاژانسەکە، لە دوای جەنگی 12ـی ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران لە مانگی 6ـی ساڵی ڕابردوو، ناوبراو لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تێلیگرام'ـەوە پەیوەندی بە مۆساد کردووە.
لە مانگی 8ـی ڕابردوو ئێران دوو پیاوی دیکەی بە تۆمەتی "ناردنی زانیاری هەوڵگری هەستیاری سەربازی و شوێنی ئاسایش" بۆ ئیسرائیل لە سێدارەدا. بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ئێران لە دوای چین، بە دووەم وڵاتی جیهان دادەندێت لە زۆری ڕێژەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان.