دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێکاری تووند بەرامبەر بە بانکێکی ئێران لە وڵاتەکەیان دەگرنە بەر و بە دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی ئابووری وڵاتەکە تۆمەتباری دەکەن.
ڕۆژنامەی تورکیا تودەی بڵاویکردەوە، دەستەی رێکخستن و چاودێریی بانکیی تورکیا مۆڵەتی کارپێکردنی بانکی 'میللەت'ـی ئێرانی لە لقی ئیستەنبووڵ هەڵوەشاندەوە، بەمەش دەبێتە کۆتاییهێنان بە چالاکی 44 ساڵەی بانکەکە لە تورکیا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بە نیگەرانییەکان داوە لەوەی بەردەوامبوونی کارەکانی بانکی 'میللەت' مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ئابووری وڵاتەکە، مافی سپێردەران و خاوەنەکانی سندووقی بەشداریکردن دروست دەکات، ئەمەش لە ژێر یاسای بانکیی چاودێری تورکی گرتنەبەری ڕێکاری بەرامبەری لێدەکەوێتەوە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەش، تورکیا پشتی بە ماددەی 71ـی یاسای بانکی بەستووە.
بانکی 'میللەت' یەکێکە لە دامەزراوە سەرەکییە ئابوورییەکانی ئێران، بەگوێرەی پلاتفۆڕمی زانیاری ئابووری 'شاخسبان'، بۆ دابینکردنی داتای ئابووری ئێران، لە مانگی 3ـی 2026 سەرمایەی بانکەکە بە 34.8 ملیار دۆلار خەملێندرا.
بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پڕۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکی ئێران، بانکی 'میللەت' لەلایەن ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و بەریتانیا تووشی سزا بووەتەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەرەتا لە ساڵی 2007 بانکەکەی بە دابینکردنی خزمەتگوزاری ئابووری بۆ ڕیکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران تۆمەتبار کرد.
بانکە ئێرانییەکە لە ساڵانی 1980ـکانەوە لە تورکیا بوونی هەیە، سەرەتا لە ئیستەنبووڵ دەستیپێکرد و دواتر بۆ ئەزمیر و ئەنقەرەش فراونتر کرا. ئێران چالاکییە ئابوورییەکانی تورکیا بە یەکێک لە لقە هەرە گرینگەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی لە قەڵەم دەدات، کە بەردەوام یارمەتی چالاکی ئابووری داوە وەک، بازرگانی و پڕۆژەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتەکە.
ئەم ڕێکارە نوێیەی تورکیا بەرامبەر بە ئێران لە چوارچێوەی تووندکردنی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا دەبیندرێت. لە مانگی 8ـی ڕابردوو سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا تووندترین سزای ئابووری دژی ئێران بە ناوی 'دی دەی ئیکۆنۆمیک'ـی ڕاگەیاند، ئەمەش لە درێژەی هەوڵەکانی کابینەی حکومەتی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازیی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.