بەهۆی هێرشێکی خۆکوژیی بۆ سەر بارەگای پۆلیس لە پاکستان، 31 کەس کوژران کە 16 کەسیان ئەندامی هێزەکانی پۆلیسن.

ئەمڕۆ شەممە بەرپرسێکی پۆلیسی پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، بەهۆی هێرشێکی خۆکوژیی 31 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەو بەرپرسە پاکستانییە دەڵێت: ''هێرشە خۆکوژییەکە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە''. 

ئەم هێرشە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی کراوەتە سەر بارەگای پۆلیس لە ناوچەی کۆهات لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان، لەماوەکانی ڕابردووشدا چەندین جار ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرش و توندوتیژی بووەتەوە و پاکستانیش زۆرجار بزووتنەوەی تاڵیبان بە ئەنجامدەری هێرشەکان تۆمەتبار دەکات.