حکومەتی عێراق کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ سنووردارکردنی جووڵەی ڕاوێژکارە سەربازییە بیانییەکان لە دوای 30ی ئەیلوول، بە جۆرێک هاتنەناوەوە و دیدارەکانی جەنەڕاڵەکانی ئێرانیش تەنیا لە ڕێگەی دامه‌زراوه‌ فەرمییەکان و بە ڤیزا دەبێت.

 

ماڵپه‌ری ئەلحوڕە له‌ زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی عێراقه‌وه‌ ڕایگەیاند، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەنیازە چالاکیی هەر ڕاوێژکارێکی سەربازیی بیانی سنووردار بکات، بڕیارەکەش جەنەڕاڵە ئێرانییەکان و ڕاوێژکارە ئەمریکییەکان دەگرێتەوە، مەگەر بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتدا بێت.

 

بەپێی ئەو میکانیزمەی پێشنیاز کراوە، دەبێت هەر فەرماندە یان ڕاوێژکارێکی سەربازی لە ڕێگەی هێڵە فەرمی و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانەوە داوای ڤیزا بکات و تەواوی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی پێشوەختە دیاری کراو بن. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک سەردانی ڕانەگەیەندراوی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس دێت کە بەبێ مۆڵەت و بە سنووری وشکانیدا هاتووەتە بەغدا.

 

به‌پێی ئەلحوڕە، شارەزایانی سەربازی دوودڵن لە توانای حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بەسەر ئێراندا بەهۆی هەژموونی گرووپە چەکدارەکانەوە، لە کاتێکدا چاودێران پێیان وایە هەنگاوەکە هەوڵێکە بۆ یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق.

 

وادەی 30ی ئەیلوول هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی پێشتر بۆ ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران دیاری کرابوو.