قائیمقامییەتی قەزای دووکان هاووڵاتییان و شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، کە لە ئەمڕۆ شەممەوە بەهۆی نۆژەنکردنەوە، پردی سەرەکیی ناوەندی قەزاکە دادەخرێت.

ڕاگەیاندنی قائیمقامییەتی قەزای دووکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگاداری هاووڵاتییان و شۆفێران دەکاتەوە، کە بۆ ماوەی یەک هەفتە پردی سەرەکی ناوەندی قەزای دووکان بەهۆی دەستپێکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە دادەخرێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا قائیمقامییەتی دووکان، داوا لە شۆفێران دەکات تا تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و کردنەوەی پردەکە، ڕێگای جێگرەوە بەکاربهێنن و لە پردی دووەمی قەزاکە لە ڕێگای بەری سارتکەوە هاتووچۆ بکەن.

پردی سەرەکیی دووکان یەکێکە لە ڕێڕەوە گرنگەکان کە هەردوو بەری قەزاکە پێکەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هاتووچۆی شۆفێرانە لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە بەرەو پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، ئیدارەی ڕاپەڕین و دەشتی کۆیە.