بەپێی نوێترین شیکاری و پێشبینییە فەلەکییەکان، 8ی شوباتی 2027 یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەبێت و 9ی ئازاریش وەک جەژنی ڕەمەزان دیاری دەکرێت.

 

ئەمڕۆ سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی و گەردوونناسی لە هەرێمی کوردستان، وردەکاریی زانستی و هاوکێشە فەلەکییەکانی دەستپێک و کۆتایی مانگی ڕەمەزانی ساڵی 1448ی کۆچیی بڵاو کردەوە.

 

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لە 6ی شوباتی 2027 لە کاتژمێر 18:55:59 بە کاتی هەرێمی کوردستان مانگ نوێ دەبێتەوە. بەهۆی کەوتنی خۆر و مانگ و زەوی لەسەر یەک هێڵ، هیلال نابینرێت و ئاستی دەرکەوتنی مانگ بە ڕێژەی %0.1 دەگاتە کاتژمێر 00:14ی شەو، بەمەش دەرکەوتنی هیلال لە ئێوارەی 6ی شوباتدا بە تەواوی مەحاڵە.

 

ئەو شارەزایە ڕوونی كرده‌وه‌ کە لە ڕۆژی 7ی شوباتدا تەمەنی مانگ دەگاتە 18 بۆ 19 کاتژمێر و لە هەندێک وڵات گومان دروست دەبێت، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە 8ی شوبات دەبێتە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان. هاوکات مانگی ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو 29 ڕۆژ دەبێت و لە 8ی شوباتەوە تا 8ی ئازار بەردەوام دەبێت.

 

سەبارەت بە جەژن، ئەو گەردوونناسە ئاشکرای کرد لە 8ی ئازاری 2027 کاتژمێر 12:29:22ی دوانیوەڕۆ مانگ نوێ دەبێتەوە و لە کاتژمێر 17:32:02 ئاستی دەرکەوتنی دەگاتە %0.1. تەمەنی هیلال تا نوێژی شێوان 30 بۆ 40 خولەک دەبێت و بە تەلەسکۆپ دەبینرێت، بەمەش 9ی ئازار یەکەم ڕۆژی جەژنە و تەنیا لە ئەگەری نالەباریی کەشوهەوادا جەژن دەچێتە 10ی ئازارەوە.

 

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ڕێگەی لێژنه‌ فەرمییەکانیەوە لەسەر چیا بەرزەکان جێگیر دەبێت بۆ چاودێریکردنی بینینی هیلالی مانگ و بڕیاردانی کۆتایی.