وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگەی بانکەکانەوە بە شێوازی پێشوو کۆتایی پێهات و لەمەودوا زیاتر لە 99%ـی پێشمەرگە لە ڕێگەی 'هەژماری من' و ئامێرەکانی ATM مووچەکانیان وەردەگرن.

 

ئەمڕۆ هەینی، 18-09-2026، لیوا توانا صدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ڕاگەیاندنی وەزارەتەکەی ڕاگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕێگەی بانکەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابەش دەکرا، کە ئەم هەنگاوە کارئاسانییەکی زۆری بۆ بەدەستگەیشتنی مووچەکانیان دروست کردبوو بەراورد بە شێوازە تەقلیدییەکانی پێشوو."

 

بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی سوپاسی بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندانی بانکەکانی هەرێمی کرد کە بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان ڕۆڵێکی گرنگیان لە جێبەجێکردنی پڕۆسەکەدا گێڕاوە و گوتیشی: "ئەم هاوکارییە تەنیا لە چوارچێوەی ئەرکە فەرمییەکانیاندا نەبووە، بەڵکو لە کاتەکانی پشووشدا ئەم ئەرکەیان لە پێناو خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگەدا لە ئەستۆ گرتووە."

 

دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من' هەنگاوێکی ئەرێنیی تۆکمەیە بۆ دیجیتاڵکردنی سیستمی دارایی لە هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە لیوا توانا صدیق ئاشکرای کرد: "نزیکەی تەواوی ئەندامانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان (زیاتر لە 99%) لە پڕۆسەی 'هەژماری من' تۆمار کراون، لە ئێستاشدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاسان، لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)ـەوە دەستیان بە مووچەکانیان دەگات."

 

ڕاشیگەیاند، ڕۆڵی ستافی تیمی 'هەژماری من' بەرز دەنرخێنن کە پێشەنگی وەزارەتی پێشمەرگەیان لەبەرچاو گرتووە.

 

لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی ئەم پێشکەوتنە و بەردەوامبوونی پڕۆسەی دیجیتاڵکردنی مووچە لە ڕێگەی 'هەژماری من'، لەمەودوا پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە لە ڕێگەی بانکەکانەوە بە شێوەی پێشوو و شێوازی نەریتی بە تەواوی کۆتایی پێ هات.