بەپێی ڕێنمایییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، پێدانی مۆڵەتی درێژخایەنی بێمووچەی پێنج ساڵە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی ڕاگیرا و تەنیا مۆڵەتی کورتخایەن بە دەسەڵاتی وەزیر دەبەخشرێت.
ئەمڕۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا، فەرمانبەرانی نیشتەجێی ئەمریکا و کەنەدای لە بڕیارە نوێیەکانی پەیوەست بە مۆڵەتی بێمووچە ئاگادار کردەوە.
نوێنەرایەتییەکە ڕوونی کردەوە کە بەپێی ڕێنماییی ژمارە 5ی ساڵی 2026ی وەزارەتی دارایی کە لە 06-09-2026 دەرچووە، کارکردن بە مۆڵەتی پێنج ساڵەی بێمووچە ڕاگیراوە و پێدانی مۆڵەتی ئاسایی لە دەسەڵاتی وەزیر و سەرۆکی دەستەکاندایە، بە مەرجێک ماوەکەی لە 2 ساڵ زیاتر نەبێت.
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند بوون لە وەرگرتنی مۆڵەتی درێژخایەنی بێمووچە، چیتر شایستەی نوێکردنەوە یان وەرگرتنی نابن و پێویستە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخی کارگێڕییان پەیوەندی بە فەرمانگەکانی خۆیانەوە بکەن.
پێشتر فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیانتوانی بۆ ماوەی 5 ساڵ مۆڵەتی بێمووچە وەربگرن و بۆ 5 ساڵی دیکەش نوێی بکەنەوە، بەڵام بڕیارە نوێیەکە ئامانجی ڕێکخستنەوەی میلاکی وەزیفی و سنووردارکردنی مۆڵەتە درێژخایەنەکانە.