دوای کۆنترۆڵکردنی گەرووی بابولمەندەب لەلایەن حوسییەکانی یەمەن، سعودیە جگە لە داواکردنی یارمەتی لە 4 وڵاتی جیهان، پێشووتر داوای یارمەتی سەربازی لە سووریاش کردووە.

پێگەی هەواڵی 'تورکی تودەی' لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای سووریاوە ئاشكرای کرد، چەند مەنگێک لەمەوبەر ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا داوایەکی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەی ڕەتکردووەتەوە، کە تێیدا داوای ناردنی سەربازی سووری کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی حوسییەکان لە یەمەن.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە سوورییە، ئەحمەد شەرع جەختی کردووەتەوە کە دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر ڕێکخستنی هێزەکانی وڵاتەکەی و نایەوێت وەک لایەنی سێیەم بێتە نێو جەنگەکەوە. ئەوەشی دووپات کردەوە کە هاووڵاتییانی سووری سەربەخۆن لە چوونیان بۆ یەمەن و بەشداریکردنیان لە جەنگ لە دژی حوسییەکان، بەڵام حکومەتی سووریا بەرپرسیارەتییان هەڵناگرێت.

جگە لە سووریا، ئەو سەرچاوانەی بۆ ڕۆژنامەی تورکیا تودەی قسەیان کردووە، ئەو بانگەشانەیان ڕەتکردەوە  کە گوایە تورکیا هێزەکانی سووریایان بۆ شەڕکردن لە دژی حوسییەکان ئامادە کردووە و نیازی ناردنی ئەم سەربازانەیان هەبووە بۆ یەمەن، جەختیان کردەوە "ئێمە (تورکیا) هیچ پەیوەندییەکمان بەم بابەتەوە نییە، سووریا و سعودیە دوو وڵاتی سەروەرن، تورکیا ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر لە ژێر 'ڕێککەوتنی مەککە' دوای ئەوەی بەشێوەیەکی یاسایی لە نێو وڵاتانی بەشداربوو جێبەجێ بکرێت."

لە 7-8-2026 سعودیە، تورکیا و پاکستان لە شاری مەککە ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشیان واژۆکرد، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە ئەگەر هەر کام لەو سێ وڵاتە ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە وەک ئەوەیە وایە هێرش کرابێتە سەر هەرسێ وڵات و دەبێت پێکەوە بەرگری لە ئاسایشی یەکتری بکەن.

سووریا تاکە وڵات نییە سعودیە داوای یارمەتی سەربازی دژی حوسییەکانی لێ بکات، دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی هەفتەی ڕابردوو حوسییەکانی یەمەن کەناراوەکانی یەمەنیان لەسەر دەریای سوور کۆنترۆڵ کرد و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر گەرووی بابولمەندەب دا سەپاند، سعودیە داوای سەربازی لە هەر یەک لە وڵاتانی ئیسرائیل، بەریتانیا، فەرەنسا، پاکستان و میسڕ کرد.