تیمی ڕۆژنامەوانیی دەزگای "پایتەخت میدیا" لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە ڕووماڵکردنی چالاکییەکانی "لووتکەی سلێمانی" بێبەش کران، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیاش ئەو بڕیارە سەرکۆنە دەکات.

ئەمڕۆ کاشما فارووق، بەرپرسی ژووری هەواڵی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کورد لە ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا ڕایگەیاند: "ڕێگریکردن لە تیمی ڕۆژنامەوانیی پایتەخت میدیا لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، سەرکۆنە دەکەین."

کاشما فاروق وێڕای سەرکۆنەکردنی بڕیارەکە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە مەترسی بۆ سەر پرۆسەی حوکمڕانی و سەربەخۆیی کاری میدیایی و ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکەن، ئەم ڕێگرییە بە تەواوی پێچەوانەی ماددەی 2 لە یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـی پەرلەمانی کوردستانە.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، ئەم ڕێگریکردنە دژ بە بڕگەکانی ماددەی 19ـی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە دەربارەی دەستەبەرکردنی مافی دەربڕین و گواستنەوەی زانیاری بەبێ جیاکاری، هۆشداریشی دا کە جیاوازیکردن لەنێوان دەزگاکاندا زیان گەیاندنە بە ناوبانگی هەرێمی کوردستان، دەبێت مافی یەکسان بۆ ڕووماڵی هەموو بۆنە گشتییەکان فەراهەم بکرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەزگای میدیایی پایتەخت میدیا ڕایگەیاندبوو کە لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانیەوە ڕێگری لە پەیامنێر و وێنەگرانیان کراوە کە هاوشانی دەزگاکانی دیکە بەشداری لە ڕووماڵی ئاسایی دیداری لووتکەی ئابووریی سلێمانیدا بکەن.

لووتکەی ئابووریی سلێمانی، ساڵانە بە بەشداریی کەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەچێت و پلاتفۆرمێکی کراوەی گفتوگۆ لەسەر پرسە هەستیارەکان پێکدەهێنێت، لە بۆنە گشتییەکانی هاوشێوەدا، بەپێی یاسا بەرکارەکان، پێویستە دەرفەتی یەکسانی ڕووماڵ بۆ سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکانی ڕاگەیاندن مسۆگەر بێت.