دوای سێ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی، نووری گەرمیانی لە داواکارییەکدا جەختی لە ناسراویی خۆی و نەبوونی مەترسیی هەڵاتنی کردەوە.

 

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 14ی 9ی 2026، نووری گەرمیانی لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک لە شاری هەولێر دەستگیر کرا.

 

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دەست پایته‌خت میدیا کەوتووە، تۆمەتبار (نوورەدین عوسمان) لە ڕێگەی یاداشتێکەوە داوای لە دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر کردووە بە کەفالەت ئازاد بکرێت، دوای ئەوەی لەسەر سکاڵای دادخوازێک، تۆمەتی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

 

لە یاداشتەکەدا، نووری گەرمیانی دادگای ئاگادار کردووەتەوە کە ماددە یاساییەکە شایانی ئازادکردنە بە کەفالەت تا ڕۆژی دادگاییکردن. هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە کە کەسێکی دیار و ناسراوە، شوێنی نیشتەجێبوونی دیارە و هیچ مەترسییەکی هەڵاتنی له‌سه‌ر نییه‌.

 

لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ میدیای مەڵبەندی 3ی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە ڕێکارە دادوەرییەکان، بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەم دۆسیەیە کردووە و دەرکەوتووە دۆسیەکە بەتەواوی یاساییە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە.

 

سەبارەت بە سزای یاسایی، بەپێی یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008ی پەرلەمانی کوردستان، سزای سەرپێچیکار لەم جۆرە دۆسیەیانەدا بەندکردنە بۆ ماوەی 3 مانگ تا 5 ساڵ، یان غەرامەیەکی دارایییە بە بڕی 750 هەزار دینار تا 5 ملیۆن دینار.

 

نوورەدین عوسمان، ناسراو بە نووری گەرمیانی، لەدایکبووی ساڵی 1969ی کەرکووکە؛ لە ساڵی 1984دا یەکەم گۆرانیی بڵاو کردووەتەوە و ئێستا کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری مۆسیقایە لە هەولێر.