فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندترین شێوە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر خاکی سعودیە و هەوڵی بەئامانجگرتنی شاری مەککەی پیرۆزی سەرکۆنە کرد.

ئەمڕۆ، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەئامانجگرتنی مەککەی پیرۆز بەهۆی پێگە ئایینی و ڕۆحییە مەزنەکەی لەلای مسوڵمانانی جیهان، پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە و بەزاندنی حورمەتی پیرۆزگاکانە.

لە بەیاننامەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمدا جەخت کراوەتەوە، پێویستە هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوە لە بەرامبەر ئەم پەلامارانەدا هەبێت، چونکە ئاسایشی سعودیە پەیوەستە بە سەقامگیریی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەوە.

فەرمانگەکە ڕوونیشی کردەوە، کە پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرجەم هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاشتی دەردەبڕێت و ڕایگەیاند، ململانێ سیاسییەکان نابێت ببنە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر خەڵکی سڤیل، دامەزراوە مەدەنییەکان و ناوەندە ئایینییەکان، هەروەها دووپاتی کردەوە کە ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان، دەبێت وەک بنەمایەکی نەگۆڕ بمێنێتەوە و دەستی بۆ نەبرێت.

ئەم هەڵوێستەی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، خستنەخوارەوەی درۆنێکی ڕاگەیاند، کە بەرەو ئاسمانی مەککەی پیرۆز ئاراستە کرابوو، ئەمەش شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی لێکەوتەوە، مەترسیی ئاڵۆزتربوونی ململانێکانی ناوچەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر کردووە.