گردبوونەوە و ناڕەزایەتیی فراوانی جووتیارانی پێنجوێن بووە هۆی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی لەسەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان پێنجوێن و سلێمانی.

ئەمڕۆ جووتیارانی قەزای پێنجوێن، بەهۆی ساغنەبوونەوە و دابەزینی نرخی بەرهەمە ناوخۆییەکانیان، لە بەرەبەیانەوە گردبوونەتەوە و ڕێگەی سەرەکیی بازرگانیی نێوان پێنجوێن و سلێمانییان داخستووە، ئەوان ڕێگری لە هاتنی هەر بەرهەمێکی بیانی دەکەن و تەنیا ڕێگە بە هاتووچۆی هاووڵاتییانی مەدەنی دەدەن.

بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، هۆکاری گردبوونەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایەتیی جووتیارانی قەزاکە بەرامبەر هاوردەکردنی بەروبووم لە وڵاتی ئێرانەوە، هێنانی ئەم بەرهەمانە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی بەرهەمە خۆماڵییەکانی جووتیارانی ناوچەکە و ساغنەبوونەوەیان، بەتایبەتی تەماتەی خۆماڵیی پێنجوێن.

جگە لە داخستنی ڕێگەی نێوان هەردوو شارەکە، جووتیاران دەرگای عەلوەی پێنجوێنیشیان داخست و کڕین و فرۆشتنی بەروبوومەکانیان بە تەواوی ڕاگرت، ئەوان داوا دەکەن بۆ ماوەی 20 ڕۆژ هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی ڕابگیرێت، تا بتوانن بەروبوومی ناوخۆ لە بازاڕەکاندا ساغ بکەنەوە و لە زیانی دارایی پارێزراو بن.

ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومی هاوینەدا، جووتیارانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی گرفتی ساغنەبوونەوە دەبنەوە و داوا لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەکەن باجی زیاتر بخەنە سەر هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی، ئەم کێشە بەردەوامە ساڵانە زیانی دارایی گەورە بە جووتیاران دەگەیەنێت و ناچاریان دەکات پەنا بۆ گردبوونەوە و داخستنی ڕێگە سەرەکییەکان ببەن.