ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەییی خۆی بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی ئەتۆمی بۆ ئێران پێشان دا، ئەوەش لە بەرامبەر چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی تەواوەتیی دۆسیەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەدا.
ئەمڕۆ کڕیس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، واشنتن ئامادەیە سووتەمەنیی ئەتۆمی بۆ تاران دابین بکات ئەگەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بە تەواوی چارەسەر بکرێت.
وەزیری وزەی ئەمریکا ئەم پێشنیازەی بەستەوە بە پرۆگرامی ئەتۆمیی تارانەوە کە بە گوتەی ئەو هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە وڵاتەکەیان هەرگیز بەدوای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا نەچووە.
بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی 1957 بە هاوکاریی ئەمریکا لە سەردەمی شادا و لە چوارچێوەی پرۆژەی 'ئەتۆم لەپێناو ئاشتیدا' دەستی پێکرد، بەڵام دوای شۆڕشی 1979 ڕاگیرا و دواتر لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە نهێنی دەستی پێ کرایەوە. لە ساڵی 2002 بە ئاشکرابوونی هەردوو دامەزراوەی نەتەنز و ئەراک، دۆسیەکە کەوتە نێو گێژاوی سزا، دانوستاندن و هەڕەشەی سەربازی.
لە ساڵی 2015 ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ کرا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە و تارانیش لە وەڵامدا پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ لەسەدا 60 بەرز کردەوە. لە مانگی شوباتی ڕابردوودا ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی هاوبەشی سەربازییان بە ناوی 'تووڕەییی داستانی' کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نەتەنز، فۆردۆ، ئەسفەهان و بووشێهر بە مەبەستی پەکخستنی تواناکانی ئەو وڵاتە.
سەرەڕای هێرشەکان، هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکا لە مانگی ئایاری 2026 ئاماژە بەوە دەکەن کە ماوەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە وەک خۆی ماوەتەوە، کە تەنیا یەک ساڵە ئەگەر سەرکردایەتیی ئێران بڕیاری لەسەر بدات.