لە غەززە بەهۆی داڕمانی باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی بەسەر دەیان خێزانی ئاوارە، لە ئەنجامدا زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش بریندار و بێسەروشوێن بوون.

ئەمڕۆ، بەرگری شارستانی غەززە بڵاویکردەوە، بەهۆی ڕووخانی ئەو باڵەخانەی کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بوون، زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستدا و 25 کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات نزیکەی 100 کەسیش لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا بە بێسەروشوێنی ماونەتەوە.

بەرگری شارستانی غەززە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، باڵەخانەکە پێشتر بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە زیانی بەرکەوتبوو و ئاوارەکان بەهۆی نەبوونی پەناگەی دیکە ناچار بوون لەوێ بژین.

بەرگری شارستانی دەشڵێت: ''لە ئێستادا تیمەکان بەهاوکاری تیمەکانی شارەوانی کاردەکەن بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان و گەیشتن بەو کەسانەی کە لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکە گیریان خواردووە''.

تیمەکان بەهۆی نەبوونی کەلوپەل و سەرچاوەی پێویست بۆ لابردنی داروپەردوو و گەیشتن بە قوربانیان، پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاماری زیاتری گیان لەدەستدان دەکەن.