ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان سعودیە و حووسییەکانی یەمەن گەیشتنە قۆناغێکی مەترسیدار، ڕیاز حوسییەکانی بە هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی مەککە تۆمەتبار دەکات و حووسییەکانیش ڕەتیدەکەنەوە.
ئەمڕۆ هاوپەیمانیی سەربازی بە سەرۆکایەتیی سعودیا ڕایگەیاند، لەدوای ساڵی 2017 بۆ جاری دووەم فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان بەرەو شاری مەککە ئاراستە کراوە و تێکشکێنراوە، ئاسایشی مەککەی پیرۆزیشی بە 'هێڵی سوور' وەسف کرد.
لە بەرامبەردا، حەزام ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی گرووپی ئەنساڕوڵڵای حووسییەکان ئەم تۆمەتانەی سعودیەی بەتەواوی رەتکردەوە و گوتی: "ڕاگەیەندراوەکەی سعودیە لەبارەی بە ئامانجگرتنی مەککە ناڕاستە و درۆیەکە پێشتریش بەکارهێنراوە".
ئەمیندارییەتی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و ئاماژەی بەوەداوە، بەردەوامیی هێرشە دووژمنکارییەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە، پێشێلکردنی ئاسایشی شوێنە پیرۆزەکان و مزگەوتەکانە، گاڵتەکردنە بە هەستی مسوڵمانانی جیهان.
پەرەسەندنە مەیدانییەکان لە کاتێکدان، حووسییەکان دەستیان بەسەر تەواوی کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن و گەرووی بابولمەندەبدا گرتووە و گەمارۆی دەریاییان خستووەتە سەر کەشتییە سعودییەکان، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان لەگەڵ هێزەکانی حکومەت زیاتر لە 100 هەزار کەس لە یەمەن ئاوارە بوون.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی زیانی نزیکەی 11 ملیار دۆلار بۆ ڕێورەوی سوێس لە میسر، هەروەها قەتەریش هۆشداریی دا داخستنی بابولمەندەب هاوشێوەی گەرووی هورمز کارەساتی گەورە بەسەر ئابووریی جیهاندا دەهێنێت.
ململانێی سەربازیی نێوان هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە و چەکدارانی حوسی لە ساڵی 2015ـەوە دەستی پێکردووە و یەمەنی ڕووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی سەردەم کردووەتەوە، ئەم شەڕە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ململانێی هەرێمی لەسەر گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.