کەمبوونەوەی هەناردەی غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، بووە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 900 مێگاوات لە توانای تۆڕی نیشتمانیی کارەبا.

ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆمپانیای داناغاز هەناردەی غازی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم کردووەتەوە، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 1000 مێگاوات دابەزیوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و ئاساییکردنەوەی هەناردەی غاز و بەرهەمهێنانی وزە.

لەدەستدانی ئەم قەبارە زۆرەی بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی دابەزینی کاتژمێرەکانی پێدانی تەزووی کارەبای نیشتمانی لە سەرجەم شارەکاندا، تیمە تەکنیکییەکانیش چاوەڕوانی گەڕانەوەی دۆخەکەن بۆ ئاستی ئاسایی، هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە تا ڕێگری لە فراوانبوونی کاریگەرییەکانی ئەم گرفتە لە تۆڕی گشتیدا بکرێت.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ زۆربەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، هەر گرفتێکی کتوپڕ لە هەناردەی غازی ئەم کێڵگەیە ڕاستەوخۆ توانای بەرهەمهێنانی وزە لە تۆڕی نیشتمانیدا دادەبەزێنێت.