پۆلیسی نەینەوا 12 ئامۆزای بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سووکایەتیکردن بە یەکدی لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک دەستگیرکرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای بەدواداچوون پۆلیسی نەینەوا لە بەری ڕاستی موسڵ توانیان کۆنتڕۆڵی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە بکەن و 12 کەس لە هەردوولا کە ئامۆزای یەکترن، دەستگیربکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیشکراوەتەوە، لە نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتی و سکاڵای یاسایی لەنێوانیاندا هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی لە رێگەی تیکتۆکەوە دەستیان کردووە بە جنێودان و هەڕەشە لە یەکتر، کێشەکە پەرەی سەندووە و گۆڕاوە بۆ شەڕی دەستەویەخە کە بەهۆیەوە چەند کەسێک بریندار بووە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دا ئاماژە بەوەکراوە، سێ لە دەستگیرکراوەکان بە کەفالەتی دارایی ئازاد کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانە بەهۆی بارودۆخی تەندروستییانەوە.
لەکۆتاییدا جەخت لەوە کراوەتەوە، لە ئێستادا تەواوی تۆمەتبارەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.