بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەستپێکردنی پڕۆسەی دەرهێنانی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی بۆ هاوسەرانی نوێ ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بڵاوی کردەوە، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە و پسوولەی ئەلیکترۆنییان بۆ دەرچووە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە مەبەستی دەرهێنانی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی بۆ نەوت و غاز.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، پرۆسەکە لە ڕێگەی چەند مەرج و ڕێنماییەکی دیاریکراوەوە بەڕێوە دەچێت و پێویستە سەردانکەران کۆمەڵێک بەڵگەنامەی یاسایی پێشکەش بکەن بۆ بەڕێوەچوونی مامەڵەکانیان.
مەرجەکانی وەرگرتنی ئەم کارتە بریتین لە هێنانی فۆڕمی خۆراکی ساڵانی 2020-2021ـی ماڵی باوک لەگەڵ فۆڕمی ئەلیکترۆنیی ماڵی باوک. هاوکات پێویستە فۆڕمی خۆراکی ئەلیکترۆنی لە ماڵی باوک جیا کرابێتەوە و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێرەوە پەسەند کرابێت، جیا لەوانەش، هێنانی کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری بۆ تەواوکردنی مامەڵەکە مەرجێکی بنەڕەتییە تا خێزانەکان لە وەرگرتنی بەشە نەوت و غازی ماڵان بێبەش نەبن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و غازی ماڵان جێبەجێ دەکات، بە مەبەستی بەرگرتن لە گەندەڵی و هێنانەکایەی دادپەروەری لە دابەشکردندا، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی خێزانەکان لە ڕێگەی کارتی زیرەکەوە بە شێوازێکی شەفاف پشکی سووتەمەنیی ساڵانەی خۆیان بەدەست بهێنن.