دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق تا کۆتایی مانگی ئەیلوول مۆڵەت دەداتە، بەکارهێنەرانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم بۆ پاراستنی هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان.
ئەمڕۆ دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق ئاگاداری بەکارهێنەرانی کۆڕەک تێلیکۆم دەکاتەوە، دوای 30ـی ئەم مانگە هەڵدەستین بە کوژاندنەوەی بەدالەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم لە بەغدا و تەواوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەپێی زنجیرە، لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارە ڕێکخستنکاری و یاساییانەی بەرامبەر کۆمپانیاکە گگیراونەتە بەر، ئەمەش دەبێتە هۆی وەستانی ئەو خزمەتگوزارییانەی بە بەدالەکانەوە بەستراونەتەوە.
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق داوا لە بەکارهێنەرانی کۆڕەک دەکات، لەو بەرنامە و پلاتفۆڕمانەی ڕێگە بە زیادکردنی زیاتر لە ژمارەیەک دەدەن، ژمارەیەکی نوێی سەر بە یەکێک لە کۆمپانیا مۆڵەتدراوەکانی دیکە زیاد بکەن، بۆ وەرگرتنی کۆد و پەیامەکانی پشتڕاستکردنەوە.
سەبارەت بەو بەرنامانەشی تەنها یەک ژمارە وەردەگرن، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق داوا لە بەکارهێنەران دەکات، ژمارەی پەسەندکراو نوێ بکەنەوە و ژمارەیەکی سەر بە یەکێک لە دوو کۆمپانیا مۆڵەتدراوەکان بەکاربهێنن، لەگەڵ پاراستنی ژمارەی کۆڕەک و دەستبەردارنەبوونی تا ئەوەندەی ڕێگەی پێدرابێت.
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق جەخت لە گرنگیی چالاککردنی ڕێگە بەدیلەکانی وەک پۆستی ئەلیکترۆنی (ئیمەیڵ) و بەرنامەکانی پشتڕاستکردنەوە کراوەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم ڕێکارانە بە مانای داواکردن بۆ لەناوبردنی سیمکارتی کۆڕەک نایەت، بەڵکو ئامانج لێی بەخشینی کاتی پێویستە بە بەکارهێنەران بۆ پاراستنی هەژمار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان.