مەڵبەندی 3ی یەکێتی لە هەولێر دۆسیەی دەستگیرکردنی نووری گەرمیانی به‌ یاسایی و دوورە لە کاری سیاسی ناو ده‌بات، هاوکات داوا دەکات ڕەچاوی تەمەن و پێگەی ناوبراو بکرێت.

ئه‌مڕۆ میدیای مەڵبەندی 3ی هەولێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەستگیرکردنی هونەرمەندی میللی نووری گەرمیانی خستە ڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە ڕێکارە دادوەرییەکان، بەپەرۆشەوە بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەم دۆسیەیە کردووە و دەرکەوتووە کەیسەکە بە تەواوی یاساییە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە.

مەڵبەندی 3ی یەکێتی داوا لە دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات لەبەر سەلامەتیی گیانی نووری گەرمیانی، ڕەچاوی تەمەن و پێگەی هونەریی ناوبراو بکەن و کارئاسانیی پێویستی بۆ بکرێت تاوەکوو قۆناخەکانی لێکۆڵینەوە کۆتایییان دێت.

نووری گەرمیانی لە ساڵی 2021ەوە وەک ئەندام و ڕاوێژکاری هونەری لە مەڵبەندی 3ی هەولێر کار دەکات. ناوبراو لە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی دوێنێوە لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک و بە تۆمەتی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر کراوە.