وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی بۆ ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم دواخست.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی لە پارێزگاکان کردووە، بڕیاری دواخستنی پرۆسەی خوێندنی ڕاگەیاند.

 

بەپێی نووسراوەکە کە واژۆی عەلی سعوود عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گشتی و ئەهلی و بیانیی لەسەرە، بڕیار درا ڕۆژی یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2026 بکرێتە یەکەم ڕۆژی دەوامی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027، لە جیاتی ڕۆژی 20ی ئەیلوول کە پێشتر دیاری کرابوو.

 

وەزارەتی پەروەردە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان، ئامادەکاریی تەواو بۆ پێداویستییەکانی خوێندن و هەروەها بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەم ماوەیەدا گەڕاندووەتەوە.

 

لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پلەکانی گەرما لە سەرەتای پاییزدا لە سەرووی 40 پلەی سیلیزییەوە دەمێننەوە و ئەمەش ساڵانە دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم تەندروستیی مامۆستایان و قوتابییاندا.